+وێنە: بەمەبەستی پیرۆزبایی دەست بەکاربوون بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت بەجیا پێشوازی لە هەریەک لە ڕێکخراوی (ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت ، کۆمەڵەی هیمۆفیلیا، کۆمەڵەی ڕۆژ، ڕێکخراوی ئاماژە) کرد.
بێستون جەبار: " لە چوارچێوەی سنوری دەسەڵاتمان خزمەت کردن بە هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەپێشەوەی کارەکانمان دەبێت"
ڕۆژی دووشەممە ، 5ـی حوزەیرانـی 2023، بەڕێز بێستون جەبار ، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت ، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە کۆمەڵەو ڕێکخراوە کەمئەندامیەکان.
سەرەتا بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵەی ڕۆژ کرد بەسەرۆکایەتی ، ئەحمەد شێخ یەحیا سەرۆکی کۆمەڵەو ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە و تیایدا پیرۆزباییان لە بەڕێوەبەری گشتی کرد هیوایاخواست هاوکاری تەواوی کەمئەندامان بێت وەک چۆن لە پۆستی پێشویان پشتیوانیان بووە و چەپکەگوڵی پیرۆزباییان پێشکەش کرد.
بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی کردن و دڵنیای دا ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتەگەڕ لەخزمەت کردنی بە کەمئەندامان.
لە دیدارێکی تردا بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لە بەڕێز زانیار عادل سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا کردو پاش پیرۆزبایی دەست بەکاربوون ، ژمارەیەک لەگرفتەکانی بەردەم کۆمەڵەکە باسی لێوەکران و داواکاریەکانی توشبووانی هیمۆفیلیایان گەیاندە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی.
هەر ئەمڕۆ لە دوو دیداری جیادا بەڕێزیان پێشوازیان لە هەردوو ڕێکخراوی( ڕۆشنایی دڵ بۆ خزمەت ، ئاماژە) کرد و بەڕێز بەڕێوەبەرەی گشتی دەست خۆشی لەهەریەک لە بەڕێزان م.عوسمان خەلیفە، م. بەهار چاومار کردو لە سۆنگەی یاساو ڕێنماییەکانەوە، بنەماو پڕەنسیپە گشتیەکانی کاکردنی لە بواری هاوڵاتیانی نابیست و نابینا بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، هەروەک ئامادەیی بەرێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی پیشاندا بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە پێناو خزمەت بە هاوڵاتیانی کەمئەندام و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نابینایان و لەکۆتایدا چەپکە گوڵی پیرۆزبایان پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کرد.