وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرژەوەندی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت. ڕێنمایی ژمارە ١٤ـی ساڵی ٢٠٢٥ (ڕێنمایی مەرجەكانی سەلامەتی و تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراو لە هەرێمی كوردستان) دەركرد.
"بەپێی ڕێنماییەکە کەمئەندامان دەتوانن ئۆتۆمبێل هاوردە بكەن بەبێ هیچ ڕسوماتێكی گومرگی وە لێخۆشبوونیان بۆدەكرێت لەكاتی تۆماركردندا"
مافپەروەر هیوا ڕەحمان بەرپرس بەشی یاسا لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەبارەت بە ڕێنماییەکە بەسایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕایگەیاند:- "بەسوپاسەوە ئەم ڕێنماییە خاڵی زۆر بەسودی تێدایە كە لەبەرژەوەندی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەتن، رێنماییەكە لە ماددەی(7) (لێخۆشبوون و هەڵاوێرەكان)(دووەم) كە لە ١١ بڕگە پێكهاتووە سەرجەمیان تایبەتن بە كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت.
وە بەپێی ڕێنماییەکە کەمئەندام دەتوانێت ئۆتۆمبێلی ٤ پستۆن و( مینی ڤان) هاوردە بكەن بەبێ هیچ ڕسوماتێكی گومرگی و لێخۆشبوونیان بۆدەكرێت لەكاتی تۆماركردندا، وە دووای تێپەڕبوونی (٧)ساڵ كەمئەندام یان خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانێت ئەم ئۆتۆمبێلە بفرۆشێتەوە و ئۆتۆمبێلێکی تر هاوردەبكات بەبێ لێخۆشبوون ڕسومات و گومرگ تۆماربكات وە لەكاتی گیان لەدەستدانی كەمئەندام، میراتگرانی دەتوانن كە ئۆتۆمبێلەكە بفرۆشن بەبێ هیچ ڕسوماتێكی گومرگی تۆماركردن.
سەبارەت بە ڕێژەو جۆری کەمئەندامی، مافپەروەر هیوا ڕەحمان ووتی"بەپێی ڕێنماییەکە كەمئەندام یان خاوەن پێداویستی تایبەت ئەوانەن کە بەڕاپۆرتی پزیشكی وە ڕێنمایەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی ڕێژەكانیان دیاری كراوە كە پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١٦ تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، ڕێژەكان بەو جۆرەی خوارەوە لەگەڵ جۆری نەخۆشیەکانیان دیاری کراون.
1- جەستەیی بزوێنی %55
2- نابینایان %65
3- نابیستان %70
4- بیرکۆڵ %65
5- داون %80
6- تالاسیمیا %60
7- هیمۆفیلیا %60
8-ئۆتیزم %80
9- شیزۆفرینیای توند %60
10- ئیفلیجی مێشک %80
سەبارەت بە کەموکورتی لەڕێنمایەکە بەرپرسی بەشی یاسا ووتی " هیواخوازین ڕێنماییەكە لەداهاتودا هەموار بکرێتەوە بەجۆرێک پێناسی كەمئەندامی كەلەبەڕێوەبەرایەتیەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمةڵایەتی دەرچوون بۆ كەمئەندامان كاری پێبکرێت"
|