لیژنەکانی پاراستنی منداڵ لەماوەی دووهەفتەدا سێ هۆڵی بلیاردو دوو کافتریا دادەخەن.
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون لیژنە هاوبەشەکانی پاراستنی منداڵ لەناوەندی شاری سلێمانی ژمارەیەک هۆڵی بلیارد و کافتریاو شوێنی کارکردن بەسەردەکەنەوە.
پاش بەدواداچونی وردی لیژنەکان لەماوەی دووهەفتەدا ، هۆڵەکانی بلیاردی (کۆماس ، دارین،لەیل غابە )لە گەڕەکی بەکرەجۆ و (کافتریای ڤانۆ)لە شەقامی سالم و (شەوانی بەیروت) لەسەر شەقامی شەست مەتری بەهۆی پابهندنهبون بهمهرج و رێنماییهكانی كاركردن داخران.
لەو ڕوەوە بەڕێز هیوا سەعید ئەندامی لژنەی پاراستنی منداڵ بە سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاند ،" لیژنەکەمان لە بەدواداچوون بەردەوامین ،پاش گەرانمان بە نێو باڕ و شوێنە گشتیەکان بۆمان دەرکەوت منداڵی خوار 18ساڵ لەو شوێنانەی دامانخستون کاردەکات ئەمەش پێچەوانەی یاساو ڕێنمایەکان و دژی مافەکانی منداڵانەو هەر بۆیە پاش تەواوکردنی ڕێکارەیاساییەکان لە قائمقامیەتی سلێمانی بڕیاری داخستنی درا"
هیوا سەعید وتیشی" لیژنەکە بەردەوام چاودێری دەکات و هەر جێگەیەک منداڵی خوار تەمەن 18ساڵ بەکار بهێنێت بەدڵنیایەوە لێپیچەوەی توند دەکەین و ڕوبەڕووی ڕێکارە یاسایەکان دەبێتەوە، وە داوا لەهاوڵاتیان دەکەین هەر بەڕێزێک دیاردەیەکی نەشیاوی لە شوێنەکانی کارکردن بەرامبەر منداڵان بینی پەیوەندیمان پێوە بکات تا بتوانین بەهەموو لایەک هاوکاربین لەپاراستنی شکۆی منداڵان و پاراستنی مافەکانیان"
لیژنەی پاراستنی منداڵ پێکهاتووە نوێنەرانی هەریەک لە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی ، قائمقامیەتی قەزای سلێمانی ، پۆلیسی نەوجەوانان و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ،بەڕێوەبەرایەتی کاروپیشەیی سلێمانی کە لەچوارچێوەی لیژنەکانی قائمقامیەتی سلێمانی کاردەکەن .
لیژنەکە کار بۆ پاراستنی منداڵان دەکات لە کاری قورس و هەروەها منداڵانی سەرجادەو ڕێگری کردن لە بەکارهێنانیان بۆ دەروەزە کردن و کاری نەشیاو بە پێی یاساو ڕێنمایەکان.