بە دروشمی «توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان؛ لە دەربازبوون لە تۆمەتبارکردنەوە بۆ لێپرسینەوە»، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی، بە ئامادەبوونی پ.د. کۆسار محەممەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، خاتوو نوخشە ڕەسووڵ، بەرپرسی کارگێڕی، خاتوو ئارەزوو غەفوور، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، خاتوو بەنان وەهاب، بەرپرسی دایەنگەکان، ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، مامۆستایانی زانکۆ، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییەکان و خوێندکاران، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە فەرمی دەستی پێکرد.
لە دەستپێکی چالاکییەکەدا، خاتوو هانا شوان، وتەیەکی لەبارەی ئامانج و گرنگی کار و هەماهەنگیی گروپی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێشکەش کرد. دواتر، بەشێوەی دیدارێکی زانستی و گفتوگۆیی، سێ پانێڵی تایبەت بە بابەتی توندوتیژی دژی ژنان و بە تایبەتی توندوتیژی دیجیتاڵی بەڕێوەچوون.
پانێڵی یەکەم تایبەت بوو بە «توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان و هۆکار و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی»، کە تیشکی خستە سەر جۆرەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ئەو زیانانەی کە لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروستی دەکات.
پانێڵی دووەم بە ناونیشانی «ئەرکی دامەزراوەکان لە بەرامبەر هۆکارەکانی بەردەوامی توندوتیژی» بەڕێوەچوو، کە تێیدا ڕۆڵی دامەزراوە حکومییەکان و ناحکومییەکان لە پاراستنی ژنان، کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوە تاوتوێ کرا.
هەروەها، پانێڵی سێیەم بە ناونیشانی «میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان، چارەسەر و ڕێکارە کردارییەکان» تەرخان کرابوو، کە لە چوارچێوەی ئەوەدا ڕێگاچارە و ڕێکارە پراکتیکییەکانی پاراستنی ژنان لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە توندوتیژییە خرانە ڕوو.
هەرسێ پانێڵەکە بە وردی باس لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، فراوانبوونی بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و مەترسی و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژنان و کۆمەڵگەیان کرد، هەروەها گرنگی هۆشیاری، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خرایە بەر باس.
لە کۆتاییدا، بە نووسینی دەرئەنجام و ڕاسپاردە تایبەتەکان، کە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرز دەکرێنەوە.