٢٠٠ کووڵ بۆکس بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلیا دابینکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١١ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی مافپەروەر هیوا ڕەحمان، نوێنەری بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، خاتوو نازەنین عەلی و کاک کامل غەفوور، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، زانیار عادل، بەرپرسی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا لقی سلێمانی، هەروەها نوێنەری ڕێکخراوی ڕێباز فاون دەیشن، ٢٠٠ کووڵ بۆکس بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلیا دابین کرا.
لەو بۆنەیەدا، مافپەروەر هیوا ڕەحمان، لە وتەیەکدا سوپاسی ڕێکخراوی ڕێباز فاون دەیشن و کۆمەڵەی هیمۆفیلیای لقی سلێمانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە مرۆیی و پشتیوانییە، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشانی هیمۆفیلیادا هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە مۆڵەتی خۆتەرخانکار بۆ دایک و باوکی نەخۆشانی هیمۆفیلیا لە ڕێنماییە پەیوەندیدارەکاندا جێگیر کراوە، و داوای لە سەرجەم ڕێکخراوەکان کرد هاوکاری و داواکارییەکانیان یەکبخەن بۆ زیاتر پشتگیریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان. لە هەمان کاتدا جەختی لە بەردەوامی پشتیوانیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەکانیان کردەوە.
ئەم ٢٠٠ کووڵ بۆکسە لەلایەن ڕێکخراوی ڕێباز فاون دەیشنەوە دابین کراون و تێیاندا کۆمەڵێک پێداویستیی پزیشکیی گرنگ هەیە کە دەتوانن لە کاتی پێویستی و حاڵەتە لەناکاوەکاندا یارمەتی نەخۆشانی هیمۆفیلیا بدەن.
شایانی باسە، هیمۆفیلیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە توانای خوێن بۆ پەڵەبەستنەوە لاواز دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنبەربوونی درێژخایەن و ناوخۆیی لە جومگە و ماسولکەکاندا؛ بۆیە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و پشتگیریی بەردەوام لەم نەخۆشانە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.