بەمەبەستی دابینکردنی کورسی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ قوتابیانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڕێوەبەری گشتی سەردانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، بە هاوڕێیەتی خاتوو بەنان وەهاب، بەرپرسی دایەنگەکان، سەردانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کرد و لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی زانکۆکەوە پێشوازیی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا، لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو لایەن و دابینکردنی دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیانی بێسەرپەرشت و قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت گفتوگۆ کرا؛ بە جۆرێک کە ئەم چینانە بتوانن بە دەرفەتێکی یەکسانترەوە بەردەوام بن لە خوێندن و تواناکانی خۆیان پەرە پێ بدەن. لەوڕووەوە، بەڵێنی هاوکاری پشتیوانیکردن لە داواکارییەکەدرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستن و کردنەوەی خول و سیمیناری زانستی و پەروەردەیی بۆ چین و توێژە جیاوازەکان و فەرمانبەران، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری، پەرەپێدانی تواناکان و بەهێزکردنی لایەنی زانستی و پیشەیی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی هاوکارییە کاریگەرەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بە ئامانجی پشتگیریکردنی قوتابیانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندان و کۆمەڵگا.
|