بەڕێوەبەری گشتی سەردانی (دانیار) دەکات و جەخت لە پشتگیری بەهرە و تواناکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی، سەردانی دانیاری کرد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی.
دانیار ئەو کوڕە خاوەن پێداویستییە تایبەتەی کە بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی و بە دەست و پەنجە ڕەنگینەکانی، بەرهەم دەهێنێت و لە ڕێگەی بەهرە و تواناکانییەوە بژیوی ژیانی خۆی دابین دەکات.
ئەم سەردانە لە پەیامی پشتگیری و هاندانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا بوو؛ بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و بە بەهرە و تواناکانیانەوە بەشدارییەکی کاریگەرتر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەدا هەبێت.
لە میانی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی و پشتیوانیی خۆی بۆ دانیار دەربڕی و هانی دا کە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەهرەکەی و پشتبەستن بە تواناکانی خۆی.
بەڕێوەبەری گشتی جەختی کردەوە:«پێداویستی تایبەت نابێت ببێتە بەربەست لە بەردەم بەهرە و ئیرادەی مرۆڤ. دانیار نموونەیەکی جوانە لەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی، سەربەخۆ بێت و بەرهەم بهێنێت. ئەرکی ئێمەیە ئەم توانایانە ببینین، پشتگیرییان بکەین و دەرفەت بۆ ئەوەیان بڕەخسێنین تا بتوانن بە شێوەیەکی زیاتر لە کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن.»
|