وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە پەیمانگای هیوای نابیستان لێدا.
خاتوو کوێستان محمد:- "ئێمە باوەڕمان بە تواناکانی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتە و بۆ داهاتوویان کار دەکەین"
سلێمانی –ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی خاتوو کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سلێمانی، لەتیف شێخ عەزیز، بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامان، و ژمارەیەک لە بەرپرسان و مامۆستایان، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە پەیمانگای هیوای نابیستان لێدرا.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پیرۆزبایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشی بۆ هەموو قوتابیان و مامۆستایان خواست.
خاتوو کوێستان محەممەد لە وتەیەکدا، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد، ئەرکی مامۆستایەتی بە یەکێک لە پیرۆزترین و گرنگترین ئەرکەکانی کۆمەڵگا ناوبرد، بە تایبەتی مامۆستایانی ئەو قوتابیانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، کە بە خزمەتکردن و پەروەردەکردنی ئەم چینە، ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی داهاتوویاندا دەبینن.
هەروەها وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەو هەنگاو و کارانە کرد کە لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ پشتگیری و پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەنجام دراون، و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون لە دابینکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ ئەم قوتابیانە کرد.
دواتر وەزیری کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی پۆل و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیانی بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە گوێبیستی داواو گرفتەکانیان بوو.