خولێکی ڕاهێنان بۆ ٣٢ توێژەری کۆمەڵایەتی دایەنگە حکومی و ناحکومیەکان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦،بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، و بەختیار محمد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، خاتوو بەنان وەهاب بەرپرسی دایەنگەکان، لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پرۆژەی «کارمەندی کارامە و میهرەبان»، خولێکی ڕاهێنان بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی دایەنگە حکومی و ناحکومیەکان بەڕێوەچوو.
ئەم خولە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی – بەشی دایەنگەکان و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، بە هەماهەنگی دایەنگەی پەریسای ناحکومی، بە ناونیشانی «مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتە ڕەفتارییەکانی منداڵانی دایەنگە» بەڕێوەچوو.
وانە و بابەتەکانی خولەکە لەلایەن ڕاهێنەر نیگار ئەحمەد پێشکەش کرا و ٣٢ کارمەند لە خولەکەدا بەشدارییان کرد. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و تێیدا بابەتە پەیوەندیدارەکان بە تێگەیشتن لە دەروونی منداڵ، ناسینەوەی هۆکارەکانی ڕەفتارە جیاوازەکان و شێوازە دروست و زانستییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتە ڕەفتارییەکانی منداڵان تاوتوێ کران.
ئامانجی سەرەکی لەم خولە، پەرەپێدانی توانای کارمەندان و بەرزکردنەوەی کوالێتی چاودێری و پەروەردەی منداڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت، ئارام و دڵنیاکەرەوە بۆ منداڵانی دایەنگەکانە.
|