لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا خولی هاوینەی سەنتەری پاراستن و چالاکی منداڵانی چەمچەماڵ کۆتایهات و 484 منداڵ بڕوانامەیان پێبەخشر
کوێستان محمد:- "سەنتەرەکانی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەرەپێدان و پاراستنی داهاتووی نەوەی نوێ ئەگەر داهاتوویەکی باشترمان دەوێت، دەبێت ئەمڕۆ لە منداڵەکانمان دەست پێ بکەین"
ئەمڕۆ شەممە، بەرواری ٥ـی ٩ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی بەڕێزان خاتوو کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، بەرزان محەممەد، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ و کارزان زاهیری بەرپرسی سەنتەر وژمارەیەک لە بەرپرسانی قەزاکە، ئاهەنگی کۆتایی خولی هاوینەی سەنتەری چالاکی منداڵانی چەمچەماڵ، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، بەڕێوەچوو.
لەو بۆنەیەدا، ، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سوپاسی هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ و ستافەکانیان کرد و پیرۆزبایی لە منداڵان کرد بەبۆنەی بەشدارییان لەم بەرنامە هاوینەیەدا.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە ئەنجامەکانی کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکە کرد و ڕایگەیاند کە (٥١١٢) منداڵ سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە، هەروەها (٤٨٤) منداڵ لە خول و ڕاهێنانە جۆراوجۆرەکان بەشدارییان کردووە و (٦٣) ژنیش خولی دروومان و پەرەپێدانی تواناکانیان بینیوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەسەر ڕۆڵی سەنتەرەکان کردەوە و وتی، ئەم سەنتەرانە بوونەتە هۆی کۆکردنەوەی منداڵان لە ژینگەیەکی پەروەردەیی و ئارام، کە یارمەتیدەرە بۆ دوورخستنەوەیان لە بەکارهێنانی زۆری شاشە، پەروەردەی ناپەسەند لە شوێنە گشتییەکان و هەندێک ڕەفتاری نادروست، هەروەک ووتی ئەگەر داهاتوویەکی باشترمان دەوێت، دەبێت ئەمڕۆ لە منداڵەکانمان دەست پێ بکەین.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا، وەزیری کار ئاماژەی بە «ماڵی ئارام» بۆ بەخشراوان لە قەزای چەمچەماڵ کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم ماڵە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان و تاکە ماڵە لە هەرێمی کوردستان کە بەخشراوەکانی تێدا کۆدەکرێنەوە.
ئەوی جێی باسە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە هەرک لەوەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی، پاش پێشکەش ڕ کردنی بڕوانامە پێشەنگایەکی کاری دەستی وهونەری سودمەندانی سەنتەرەکە نمایشکرا.
ساڵانە لە پشووی هاوینەی قوتابیاندا سەنتەرەکە، ژمارەیەک خول و چالاکیی فێرکاری، پەروەردەیی و تەرفیهی بەخۆڕایی بەڕێوەدەبات، کە لە نێوانیاندا خولی زمانی ئینگلیزی، زمانی عەرەبی، کۆمپیوتەر، دروومان، مۆسیقا، وێنەکێشان و وەرزش، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکیی تر پێشکەش کراون.