ئاهەنگی دەرچوونی ٨٠ منداڵ لە خولە فێرکارییە جۆراوجۆرەکان لە قەزای دەربەندیخان بەڕێوەچوو.
ئاهەنگی دەرچوونی ٨٠ منداڵی تەمەنەکانی نێوان ٦ بۆ ١٨ ساڵ، لە هەردوو ڕەگەز، لە خولە فێرکارییە جۆراوجۆرەکان لە سەنتەری پاراستن و چالاکی منداڵانی دەربەندیخان بەڕێوەچوو.
لەو خولانەدا منداڵان لە بوارەکانی دروومان و چنین، جوانکاری، وێنەکێشان و کۆمپیوتەر بەشداربوون و لە ماوەی خولەکاندا تواناکانی خۆیان لەم بوارانە پەرەپێدا.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی، خاتوو ڕووناک بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەربەندیخان، سامان محمد بەرپرسی سەنتەری پاراستن و چالاکی منداڵانی دەربەندیخان ژمارەیەک لە میوان و میدیاکاران بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا، بڕوانامەی بەشداربوون و دەرچوون بە منداڵان بەخشراو، پاشان پیشانگایەکی تایبەت بە کارە دەستییەکانی منداڵانی خولی دروومان و چنین کرایەوە.
کارە پیشاندراوەکان کە بە دەستی خودی منداڵان و لە ناو سەنتەر و هۆڵەکانی خولەکان دروستکرابوون، جێی ڕامان و سەرنجی ئامادەبووان بوون و توانایی و داهێنانی منداڵان لە بواری کارە دەستییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پیشان دەدا.
ئەم خول و چالاکییە فێرکارییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی منداڵان، دۆزینەوەی بەهرە و تواناکانیان و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێربوون، داهێنان و گەشەکردنی کەسایەتییان، کە بەپاڵپشتی ڕێکخراوی یونسێف کرابوونەوە.
|