بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لە ژمارەیەک کورتەباڵا و تیمێکی کەناڵی کوردسات کرد و بەڵێنی بەدواداچوونی گرفتەکانی کورتەباڵاکانیدا.
ژیلوان عادل:- "کورتەباڵاکان ناتوانن ئامێری (ATM)ی ڕاکێشانی پارە بەکاربهێنن"
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، پێشوازی لە ژمارەیەک لە کورتەباڵایان و تیمێکی کەناڵی کوردسات کرد و لەگەڵیاندا کۆبووەوە بۆ گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانیان.
لە کۆبوونەوەکەدا، کورتەباڵایان باس لە کۆمەڵێک گرفت و بەربەست لە ژیانی ڕۆژانە و بواری کارکردنیان کرد، لەوانەش نەگەیشتنی دەستیان بە ATM ـەکان بۆ مامەڵەی پارە و هەروەها کێشەی دامەزراندن و دەستگەیشتن بە هەلی کار لە کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان، کە بەهۆی کورتەباڵاییەوە هەندێک جار لە وەرگرتنیان گرفتدروست دەبێت..
بەڕێوەبەری گشتی، دوای گوێگرتن لە داواکاری و گرفتەکانیان، جەختی لە گرنگی پاراستنی ماف و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ کورتەباڵایان کردەوە و بەڵێنی دا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەم کێشانە بکرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان بنرێت و تیمی کەناڵی کوردسات بۆ ئەو مەبەستە ڕاپۆرتێک ئامادەدەکات.
|