بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی وەک نموونەیەکی بەرچاو لە کارئاسانی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێزلێنانیان پێدەبەخشرێت.
"بەمەبەستی لێخۆشبوونی هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕسوماتی مامەڵەی پاسپۆرت هەردوو لا پڕۆژەیەک پێشنیاردەکەن"
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئــابی 2026، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، بەهاوڕێیەتی ماف پەروەر هیوا ڕەحمان بەرپرسی بەشی یاسا، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەوڵە مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان بۆ کەمئەندامان، ڕێزلێنانێکی تایبەتی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی کرد.
ئەم ڕێزلێنانە بەهۆی هاوکاری و کارئاسانییە بەرچاوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بوو، کە لە پرۆسەی ئەنجامدانی مامەڵەکانی خاونپێداویستی تایبەت ، بە شێوەیەکی تایبەت و مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵ کردووە و ڕێکاری کارەکانیان بۆیان ئاسانتر کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی، لە سەردانەکەیدا ئەم هەنگاوەی بە نموونەیەکی گرنگی هاوکاری دامەزراوەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی و ئامرازەکان بۆ کەمئەندامان زانی و هیوای خواست ئەم ڕۆحی هاوکاری و مرۆڤدۆستییە لە هەموو دامەزراوەکاندا زیاتر پەرەی پێ بدرێت و تا جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی تایبەت.
هەروەها وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لەسەر هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەردوو لا گفتوگۆیان کرد و بڕیاردرا نوسراوێکی فەرمی بۆ لێخۆشبوون لە و بڕە پارەیەی بۆ دەرکردن ونوێکردنەوەی پاسپۆرت وەردەگیرێت بۆ حکومەتی عێراق بەرزدەکەنەوە.
|