بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە کرد و پڕۆسەی خویندنی ئەمساڵ و گرفتەکانی بەردەم قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانەکان گفتوگۆکرا.
ژیلوان عادل:-"پێویستە وەک قوتابیانی تر مامەڵە لەگەڵ قوتابی خاوەنپێداویستی تایبەت بکرێت"
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ـی تەمووزی ٢٠٢٦، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، پێشوازی لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کە پێکهاتبوون لەبەڕێزان م.ئەنوەر ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی فێرکردنی نائاسایی، خاتوو هەنسک عوسمان لێپرسراوی هۆبەی پەروەردەی تایبەت، م. ئارام محمود مامۆستای هونەر.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن باس و گفتوگۆیان لەسەر ژمارەیەک لە بابەتە هاوبەشەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانەکان کرد، بە تایبەتی دۆخی ئەو منداڵانەی کە هێشتا لە سیستمی پەروەردەدا تۆمار نەکراون و بەهۆی زیادبوونی تەمەنیان، ڕووبەڕووی کێشە و بەربەستی جیاواز بوونەتەوە لە بەدەستهێنانی مافی خوێندن.
هەروەها، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە کرایەوە، بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان سود لە ماف و خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان وەربگرن، بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری گشتی دووپاتی کردەوە پێویستە وەک قوتابی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ قوتابی خاوەنپێداویستی تایبەت بکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش کردەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە گونجاوەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی گونجاو بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە شێوەیەک کە مافەکانیان بپارێزرێت و دەرفەتی یەکسانیان بۆ فێربوون دابین بکرێت.