بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی مندڵپارێزی کوردستان دەکات و ماڵەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت بەسەردەکەنەوە
بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئــــــابی 2026، لەدیوانی چاودێری کۆمەڵایەتی، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی خاتوو ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی و سۆران سەعید بەرپرسی پارێزگاری خێزان، هێمن محمد جێگری بەڕێوەبەر پێشوازی لە خاتوو سارا عبدولەتیف سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە ماوەی ئەم سەردانەدا، شاندەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گفتوگۆیان لەسەر شێوازی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، باشترکردنی ژینگەی چاودێری و فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان بۆ خزمەتکردنی منداڵانی بێسەرپەرشت کرد.
پاش کۆبوونەوەکە، بە هاوبەشی بەڕێوەبەری گشتی و شاندی ڕێکخراوی مندڵپارێز سەردانی ماڵەکانی منداڵانی بێسەرپەرشتیان کرد و لە نزیکەوە ئاشنای بارودۆخی ژیان، خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و پێداویستییەکانی منداڵان بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، هەردوو لا پشتیوانییان لە بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان دووپات کردەوە، بە مەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت.
|