کۆبوونەوەی مانگانەی گرووپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەڕێوەچوو
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩/ ٧/ ٢٠٢٦ گرووپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەی ئاسایی و مانگانەی خۆی لە ئۆفیسی کاروباری ژنانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە بە هاوبەشی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیریی ژنان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانانی ژنان بەڕێوەچوو.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیای ڕێوان، ئارەزوو غەفوور، سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: «لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک خاڵی کرداری و ئامادەکاری بۆ پلانی شەش مانگی داهاتوو کرا، بەتایبەت داڕشتنی بەرنامە و چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و یادی ٢٥ی نۆڤەمبەر. هاوکات تێڕوانین و بەدواداچوونی پێویست کراوە بۆ ڕەوشی ماڵەکانی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی و گەرمیان بە مەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانیان.»
ئارەزوو غەفوور ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت وەک دەستپێشخەری و پشتگیرییەکی بەڕێزیان بووە بۆ ئەرک و چالاکییەکانی ئەم گرووپە، کە وەک یەکێک لە گرووپە کاراکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە.
|