بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی لیژنەکانی بەدواداچوون و کۆمپانیای موڤ کۆبوونەوە.
ژیلوان عادل:-"چاوپۆشی لەهیچ کەمووکوڕیەک ناکرێت لەوخواردنەی پێشکەش بە منداڵان و بەساڵاچوانمان و سەرجەم سودمەندانمان دەکرێت و لەبەرزترین ئاستدا چاودێری دەکرێت"
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی 6ـی 2026، بەسەرپەرشتی ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، لیژنەکانی بەدواداچوون و بەرپرسی ماڵ و دایەنگە حکومیەکان و کۆمپانیای موڤ، کۆبونەوە.
بەڕێوەبەری گشتی لەوتەیەکدا پرۆزبایی لە کۆمپانیای موڤ کرد و هەمووانی بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر بەجۆر وبڕی ئەوخۆراکەی پێشکەش بە سەرجەم سودمەندان دەکرێت و بەتایبەت پاک و خاوێنی و تەندروستی ژەمەخواردنەکان و ئاگاداری کردنەوە کەچاوپۆشی لەهیچ کەم و کوڕیەک ناکرێت و پێویستە باشترین جۆرەکانی خواردن پێشکەش بە منداڵان و بەساڵاچوان و سەرجەم سودمەندان بکرێت و هەروەک هیوای خواست کۆمپانیای ناوبراو پابەند بێت بەسەرجەم بڕگەکانی گرێبەستەکەوەو لیژنەکانیشی ڕاسپارد لە بەدواداچوونی بەردەوام.
دوای وتەی بەڕێوەبەری گشتی، مافپەروەر هیواڕەحمان بەرپرسی یاساو سەرۆکی لیژنەی گشتی بەدواداچوون، چۆنیەتی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و کۆمپانیای خۆراکی ڕوونکردەوەو شێوازی بەدواداچوون و ئەرکی لیژنەو بەرپرسی ماڵەکان و لیژنەی بەدواداچوون و ئەرکی هەموولایەکی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دواتر گفتوگۆی چڕکرا لەسەر هەموو ئەوگرفتانەی دێتەبەردەم کۆمپانیاو هەروەها ماڵەکان و دایەنگەکانی سەربە چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا بۆ ئەوەی بەپێی خشتەی خواردن کۆمپانیای موڤ باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات.
بەپێی گرێبەستێک کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و کۆمپانیای (موڤ) واژۆیان کردووە بەپێی خشتەیەک کە بۆ ماوەی شەش مانگ سێ ژەم خۆراکی ئامادەکراوی پێویست بۆ ماڵهكانی منداڵانو بهساڵاچووانو ژنانی داڵدهدراو و منداڵانی دایەنگە حکومیەکان لەئەستۆ دەبێت و ئهركی چاودێری كردنیشی دەسپێردێت به بهرپرسی ماڵهكانو لیژنهكانی سهرپهرشتی خواردن له ماڵهكان.