بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای قەیوان دەکات و داوا دەکات سەرمایەدارو خێرخوازانیش بینای پەیمانگای ئاوات لەبەکرەجۆ تەواوبکەن.
ڕۆژی سێشەممە، 21ـی 12ـی 2026، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی لەتیف شێخ عەزیزی، بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامداو تیایدا سوپاسی هەریەک لەبەڕێزان نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، شیخ فاخر شێخ طیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کرد بۆ بەدەمەوەهاتنی داواکانیان و هەروەک داوای لە خێرخوازان و سەرمایەداران کرد کە بینای پەیمانگای ئاوات لەبەکرەجۆ کە بەهۆی قەیرانەوە کارەکانی ڕاگیراون، تەواوکردنی لەئەستۆ بگرن.
پاش ئەوەی پەیمانگاکانی ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک و ڕووناکی بۆ نابینایان و سەنتەری ڕۆشنایی کە سێ ناوەندن بۆ خزمەتکردن بەکەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت بە هێرشی درۆن زیان بە بیناکانیان گەیشت، لەسەر ڕاسپاردەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، شیخ فاخر شێخ طیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان نۆژەنکردنەوەیانی لە ئەستۆ گرت.
🔴 ئەم بڕیارە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەریەک لە پەیمانگاکانی (ئاوات، رووناکی، و سەنتەری رۆشنایی) دەگرێتەوە کە دەکەونە گەڕەکی بەختیاری لە شاری سلێمانی.
🔴 ئەم ناوەندانە لە هێرشە درۆنییەکەی 6ـی ئەم مانگەدا زیانی زۆری مادییان بەرکەوتووە، بەجۆرێک بەشێکی زۆری ژوورەکانی خوێندن و پێداویستییە فێربوونەکانیان لەکار کەوتووە وبڕیارە تیمەکانی گرووپی قەیوان بەزووترین کات دەست بە کارەکانیان بکەن.
|