بەسەرپەرشتی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کۆبونەوەی لیژنەی پاراستنی منداڵ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەك شەممە 22/ 2/ 2026، لە دیوانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە سەرپەرشتی خاتوو كوێستان محمد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی لێژینەی باڵای پاراستنی منداڵ لە هەرێمی كوردستان و د. صلاح انور بەگ جێگری سەرۆك، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی باڵا نوێنەری رێكخراوەكان كۆبوونەوەی لێژنەی باڵا ئەنجامدرا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە دوای بەخێر هاتنی ئەندامان و گرنگیەتی كۆبوونەوەكەو هەستیاری ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان بە تایبەت بە بواری منداڵان لە لایەن سەرۆكی لێژنەوە یەكە یەكەی تەوەرە باسەكانی كۆبوونەوەكە خرانە روو كە بریتی بوون لە
1-توێژینەوەكانی كۆنفرانسی زانستی پاراستنی منداڵ، ئەرشیفكردن و سوود بینین و بڵاوكردنەوەیان.
2-راسپاردەكانی كۆنفرانسی زانستی پاراستنی منداڵ، چۆنیەتی بە كرداركردنیان.
3-رەوشی سەنتەرەكانی پاراستنی منداڵ، و پێشنیارەكانی بەرەوپێش چوونیان.
4- راپۆرتی لێژنەكانی پاراستنی مافی منداڵ لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان
5-سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئەوخانەوادانەی تەڵاق لە نێو هاوسەرەكان روویداوە.
6- دانانی سێ گەنجی كارا لە لێژنەكانی پاراستنی مافی منداڵ لە شارەكان.
دوای گفتوگۆ كردن و راگۆڕینەوە لەسەر هەر تەوەرێك بریاری پێویست بۆ هەریەك لە خاڵەكانی سەروو درا.