بەڕێوەبەری گشتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی دەکات.
" پرسی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ماتۆڕ لەلایەن منداڵی خوار تەمەنی (18)ساڵ و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی گەیاندن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و ئاسانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە نابیستان گفتوگۆ کران"
ئەمڕۆ سێشەممە،2ـی کانونی یەکەمی2025، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بە وەکالەت بە هاوڕێیەتی هەریەک لە بەرپرسانی بەشەکانی پاراستنی منداڵ و پارێزگاری خێزان و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی پاراستنی منداڵ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانیان کردو بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی پێشوازی لێکردن..
لەدیدارێکدا پاش ناساندنی لیژنەی پاراستنی منداڵ، ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە کارکردنی منداڵان لەسەر شەقام و ترافیک لایتەکان و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی گەیاندن پەیوەست بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و ڕێگەوبان و ئەولاوانەی ماتۆڕ بەکاردەهێنن گفتوگۆکران..
هاوکات ئاسانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە نابیستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو..
بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ بەڵێنیاندا هاوکارو هەماهەنگ بن لە ئاگادارکردنەوەی سەنتەری فریاکەوتنی خێراو لیژنەی چاودێری و پاراستنی منداڵ و بنکەی پۆلیسی نەوجەوانان و دوورخستنەوەی ئەو منداڵانەی کاردەکەن لە نزیک ترافیک لایت و شەقامەکان..
هەروەک لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کاردەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی زیاتری کۆمپانیاکانی گەیاندن و دانانی مەرج و ڕێنمایی پێویست بۆ کارکردنیان..
هەروەها هەموو کارئاسانییەکی پێویستیش ئەنجام دەدرێت تایبەت بە مۆڵەتی شۆفێری بۆ نابیستان و هەر بۆ ئەو مەبەستەش نوسراو بەرزدەکرێتەوە بۆ وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ کارئاسانی زیاتر..