تیمێکی تەندروستی پسپۆڕ خۆبەخشانەو بێبەرامبەر لە ماڵەکانی منداڵان چارەسەری منداڵانی بێسەرپەرشت دەکەن.
د.چێنەر عومەر:- "لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا 56 منداڵ چارەسەری بۆ کراوەو بڕی (3,788,000)دینار وەک پێداویستی پزیشکی بۆ منداڵەکان دابین کراوەو سەرجەم تێچوەکانیش تیمەکە دابینی کردووە"
لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی. کلینیکی پزیشکی د.چێنەر عومەر عەلی بە هاوکاری هەریەک لە کلینیکی ددانی د.هەڵگورد صالەح پزیشکی پسپۆڕی ددانی منداڵان ، کلینیکی دەروونی د.فەهمی عەلی، د. مەهدی خەلیل پسپۆڕی پێست، ماوەی دوو مانگە لە ماڵەکانی (منداڵان، کوڕان کچان)ـی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بێ بەرامبەر خزمەت بە سودمەندان دەکەن.
دکتۆر چێنەر عومەر پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و کۆرپە، تایبەت بە سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وتی" پاش ئەوەی لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەردانی ماڵەکانی منداڵان و کوڕان و کچانی بێسەرپەرشتمان کرد، باشترین جۆری سۆنەرو ئیکۆو پشکنینی تیشکیمان بۆ سودمەندان بەکارهێناو بینیمان ئەوان پێویستیان بە پێداویستی پزیشکی و پشکنین و دکتۆری پسپۆڕ هەیەو بەخۆشحاڵیەوە 12 پزیشکی پسپۆڕ بێ بەرامبەر لەگەڵمان بوون و لەماوەی 2 مانگی ڕابردوودا بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی و پشکنین منداڵەکانیان بەسەر کردەوەو لەو ڕوەوە ڕاپۆرتێکمان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کرد، وە بەردەوام دەبین لەئەرکەکەمان چونکە سەرجەم منداڵەکان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە"
بەپپێی ڕاپۆرتی کلینیکی د.چێنەر عومەر بەتێکرا هەر پێنج ماڵەکە (٨۷) پشکنینی خوێن، میز، سۆنەری جۆراوجۆر، تیشک، چاو بۆ منداڵەکان کراون، هەروەک 95 پاکەت دەرمان کەپێکهاتووە لە 63 جۆری جیاواز دابینکراوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە تێچووی سەرجەم خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان بۆ ئەم دوو مانگە (٣٫٧٨٨٫٠٠٠) دینار بووەو تێکڕای لە ئەستۆی تیمەکان بووە.
|