هەڵەبجە/ وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی بەسەرکردەوە و سەنتەری پاراستن و چالاکی منداڵانی لەقەزای خورماڵ کردەوە.
خاتوو کوێستان موحەمەد:-"دۆخی خەڵک خراپەو بەهیواین ئەم قەیرانە بەزووی تێپەڕێت و خەڵکی قوربانیدەری پارێزگای هەڵەبجەش شایەنی خزمەتی زیاترن"
خاتوو کوێستان موحەممەد:- پێشتر داوامان کردووە مووچەی کەمئەندامی بۆ 250 هەزار بەرز بکرێتەوەو بە دامەزراوەکانی تر نەبەسترێتەوەو مانگانە لەکاتی خۆیدا وەری بگرن"
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەمووزی2025، خاتوو کوێستان موحەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردو خاتوو نوخشە ناصح پارێزگاری هەڵەبجە پێشوازی لێکرد و گفتوگۆیان دەربارەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان کرد و لەودیدارەدا سوپاسی هەوڵ و پڕۆژەکانی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامی داون، لەبەرامبەردا وەزیری کار مێژووی خەڵکی تێکۆشەرو قوربانیدەرو ستەملێکراوی هەڵەبجەی بە شایەنی کارو خزمەتی زیاتر بینی و دڵنیای دا لە بەردەوامی پڕۆژەو چالاکیەکان.
پاشان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەش و هۆبەجیاجیاکانی بەسەرکردەوەو گوێی لە داواکاری و گرفتەکانیان گرت و هەروەک دەستخۆشی لە بەڕێزان دانا حەمە شەریف بەڕێوەبەری گشتی و کارمەندان کرد کە سەرەڕای قەیران و دواکەوتنی مووچەکانیان دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
دواتر بەڕێزیان بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەیی هەڵەبجەی بەسەرکردەوەو لەکۆتایی خولێکی پێشکەوتوی درووماندا بڕوانامە بەسەر 15 فێرخوازی ئافرەتدا دابەشکرا.
لەوتەیەکدا بەڕێزیان پیرۆزبایی لەفێرخوازان کرد و ڕایگەیاند هۆکارێک دەبین بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لەڕێگەی کردنەوەی خولی جۆراوجۆر و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ خستنە سەرکاری گەنجان وهیوادارین فێرخوازان سود لەڕاهێنانەکان ببینن و ببنە خاوەن کاری خۆیان و بۆ ئەمساڵ 865 گەنج لە سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە خول و ڕاهێنانی بینیوەو توانیویانە بکەونە سەرکاری خۆیان.
خولەکان بەهەماهەنگی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی کرابوونەوە و لە پێنچ خول دا 75 فێرخواز ئامێر و کەلوپەلی دەستپێکی کاریان پێبەخشرا.
دواتر بەڕێزیان سەردانی سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەڵەبجەی کرد و لە چۆنیەتی ڕاهێنان و کارەکانیانی پرسیەوەو هەروەک دەست خۆشی لە بەڕێوەبەرو کارمەندان کرد.
پاشان لە قەزای خورماڵ سەنتەری چالاکی منداڵانی بەڕووی منداڵانی قەزاکەدا کردەوەو بینەری چالاکیە جۆراوجۆرەکانی سەنتەرەکە بوو، لەمیانی کردنەوەی سەنتەرەکەدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایانگەیاند سەنتەرەکە هۆکارێکە بۆ دورخستنەوەی منداڵان و گەنجان لە مادەی هۆشبەرو خوی خراپ و هەروەها هۆکارێکە بۆ فێربوونی چالاکی جۆراوجۆری هونەری و وەرزشی و لەئێستاشدا 300 منداڵ لەسەنتەرەکە ڕاهێنان و خولی جۆراوجۆر دەبینن.
هەر لەوسەردانەیدا وزیری کار ڕێزلێنانی بەخشیە هەریەک لە (جیهاد عینایەت عبدالکریم) خاتوو(ڕەنگین سەلام محموود) کەیەکەمیان سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە خەڵاتێکی جیهانی بردۆتەوە و دووەمیانی هاوکارێکی گەورە دەزگا کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای هەڵەبجەیە
وەزیری کار وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان دایەوە و سەبارەت بەمووچەی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ڕایگەیاند " دۆخی خەڵک خراپەو بەتایبەتر کەمئەندامان و بەهیواین ئەم قەیرانە بەزووی تێپەڕێت و خەڵکی قوربانیدەری پارێزگای هەڵەبجەش شایەنی خزمەتی زیاترن و پێشتر داوامان کردووە مووچەی کەمئەندامی بۆ 250 هەزار بەرز بکرێتەوەو بە دامەزراوەکانی تر نەبەسترێتەوەو مانگانە لەکاتی خۆیدا وەری بگرن"