بهڕێوهبهری گشتی پێشوازی له ژمارهیهك بهڕێوهبهری دایهنگه دهكات
ڕۆژی دووشهممه، 8ی 6ی 2020، بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێز خاتوو حەلیمە فەتاح، بەرپرسی بەشی دایەنگەکان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک بەڕێوەبەرو خاوەنی دایەنگە کە بەمەبەستی خستنەڕووی دۆخی دایەنگەو بەربەستەکانی کارو ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بژاردەکانی بەردەست لە دۆخی کۆرۆناو ڕێژەی پێویستی دایک و باوکی منداڵ بە دایەنگە.
لەو دیدارەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی سیاسەتی سەرەتاو کۆتایی ئێستەی دامەزراوەکان پێویستە پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و ڕێگرتن بێت لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەجێ بەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی.
هەر لەو دیدارەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ڕوونیکردەوە کە بڕیاری پێشوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دایەنگەکان لە دۆخێکی جیاوازدا بوو، هەر بۆیە پاش هاتنەپێشی ئەو دۆخە نوێیەی ژمارەی تووشبوان، لەلایەک هاووڵاتیان و خێزانەکان ڕێوشوێنی خۆپارێزی زیاتر دەگرنەبەر لەلایەکی ترەوە پێویستە بیر لەوە بیکەنەوە کە ئایا ئێمە ئەتوانین خزمەتگوزاری دایەنگە چ حکومی و چ ناحکومی بۆ ئەو ژمارە هاووڵاتیە دابین بکەین کە لەکەرتی گشتی یان تایبەت پێویستیان بە دایەنگە دەبێت، لە هەموو حاڵەتێکدا پێویستی ڕەچاو بەرژەوەندی و تەندروستی گشتی بکرێت.
|